راپۆرت/ جێژنی خاوەنکار و ساڵێک تەژی لە نەهامەتی بۆ هاووڵاتییانی یارسانی (١٣٩٢)

15:13 - 28 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: جێژنی خاوەنکار جێژنی مەزهەبیی پەیڕەوانی ئایینی \"یاری\"ـە، ئەم جێژنە هاوکات لەگەڵ شەوی چاردەی یەکەمین مانگی هەیڤی لە دەستپێکی چلەی زستانی کوردی، کە بە بەردەوامی لە مانگی خەزەڵوەری هەتاویدا گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڕێوە دەچێت.

هاووڵاتییانی یارسانی لە ماوەی سێ رۆژدا کە بە \"مەرنەوی\" ناودێر کراوە بە دروست کردن نەزری \" بەناوی \"نواڵە\" جێژن و شادی بەرێوە دەبەن.

سەرچاوەی ئەم جێژنە بۆ بەرخودانی سێ رۆژەی سوڵتان سەهاک و هاوڕێکانی دەگەرێتەوە کە لە ئەشکەوتێکدا بەناوی \"مەرنوو\" گەمارۆ درابوون و پاش ئەو سێ رۆژە پیرێژنێک خەڵکی یەکێک لە ئاواییەکانی دەوروبەری ئەو ئەشکەوتە خواردنی گۆشتی کەڵەشێر و برینج و نان بۆ ئەو کەسانە ئامادە دەکات، ئیتر لەوە بەدەوا سوڵتان سەهاک هاوڕێکانی ئەرکدار دەکات کە بۆ بەرزراگرتنی ئەو بەرخودانە، هەموویان بۆ ماوەی سێ رۆژ رۆژوو بگرن.

یارسان دەستەواژەیەکی کوردییە و لە دوو وشەی \"یار\" بە واتای هاوڕێ و \"سان\" کە ئاماژە بە شوێن دەکات، دروست بووە، کە مانای شوێنی یاران و یارانیش لە تۆرەمەی کوردەکانن.

ئایینی \"یاری\" ئاینێکی سەربەخۆیە و ئەم ئایینە بە درێژایی مێژووی تەمەنی خۆی رێزی لەسەرجەم ئایینەکان گرتووە و کتێبێکی پیرۆزیشیان بە زمانی کوردی هەیە، پێغەمبەر و نەریت و نزا کردنی ئایینیی تایبەت بە خۆیان هەیە و هەر ساڵ سێ رۆژ بەرۆژوو دەبن. ئەوان دەمژمێر و تەقمینی تایبەت بە خۆیان هەیە، کە ئەو تەقمینە بە تەقمینی کوردی سوڵتانی یان کوردی گۆران ناودێر کراوە.

بابەتی \"دونای دون\" یەکێک لە گرینگترین چەمکە ئایدیالیستییەکانی ئەو ئایینەیە کە باوڕیان وایە رۆحی ئینسان لە پاش مەرگ لە جەستەی کەسێکی دیکەدا خۆی دەبێتەوە و دەتوانێ درێژە بە ژیان بداتەوە و بەپێی هەڵسووکەوتی خۆی دەتوانێ بەرزترین پێگەی مەعنەوی و ئایینی بەدەست بێنێت، هەتا بگاتە ئەو ئاستەی کە ئاوێتەی \"هەق\" ببێت.

دوکتور گوڵموراد مورادی لە وتارێکدا لە ژیڕ ناوی \"ئایینی گۆران و مێژووی یارسانەکان\" حەشیمەتی هاووڵاتییانی یارسانی نزیک بە دوو ملیۆن و نیو هەتا سێ ملیۆن کەس لە ناوخۆی ئێران خەمڵاندووە و گوتووشیەتی کە زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو هاووڵاتیی یارسانی لە دەرەوەی ئێران دەژین.

پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە ئوستانەکانی کرماشان، ئازەربایجانی رۆژئاوا، لوڕستان، مازندەران، تاران و قەزوێن نیشتەجێن.

لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێراندا هاووڵاتییانی یارسانی وەک کەمینەیەکی مەزهەبی بە فەرمی نەناسراون. ئەم ئایینە لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا لەلایەن سوڵتان سەهاکەوە لە ناوچەی \"پردیوەر\" لە ناوچەی هەورامان بنیات نراوە کە کۆمەڵێک نەریتی تایبەتیی وەک کورت نەکردنەوەی سمێڵێان، هەیە.

یارسانییەکان لە روانگەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە هیچ شێوەیەک وەکوو مەکتەب یان مەزهەبێک بە فەرمی نەناسراون، چونکە لە روانگەی حکوومەتی ئیڕانەوە ئایین کۆمەڵە بیروباوەڕێکە کە لە لایەن خواوەندەوە و لە رێگەی پێغەمبەرانەوە بۆ خەڵک دەنێردرێت و لە روانگەی حکوومەتی ئێرانەوە یارسانییەکان پەیوەندییان لەگەڵ بن میچی ماڵەکەی خۆیان نییە، چ بگات بەوەی لەگەڵ خواوەند پەیوەندی هەبێت.

پەیڕەوانی ئایینی یاری بە گەورەترین کەمینەوەی نەتەوەیی لە وڵاتی ئێران دادەندرێن کە لە هەموو جۆرە مافی هاووڵاتی بوونێک بێبەرین، و بە بەردوامی لەلایەن حکوومەتەکان و توندئاژۆ ئیسلامییەکان بەرەوڕووی هەڵاواردن دەبنەوە.

یارسانییەکان بە پێی ماددەی دوانزە، سیانزە و چواردەی یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێران وەک کەمێنەیەکی ئایینی بە فەرمی ناناسرێن کە بەو پێیە لە مافی تۆمار کردنی هاوسەرگیری لە ئیدارەی تۆمار کردنی بەڵگەکان، وەرگرتنی میرات و هتد ...، بێبەرین. لە ئیدارە حکوومییەکاندا دانامەزرێن و لە درێژەدان بە خوێندنیش بێبەش دەکرێن.

پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییانی یارسانی لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا

\"16887.jpg\"
رێگری کردن لە چاپ و بلاوبوونەوەی کتێبی پیرۆزی \"یارسان\" و بێڕێزی کردن و هێرش و سوکایەتی کردنی رۆژنامە حکوومەتییەکانی وەکوو \"کەیهان\"، \" جمهووری ئیسلامی و فەرهیختگان\" و لە دوایین حاڵەتیشدا رۆژنامەی جامی جەمی چاپی تاران، ئەو سووکایەتی کردنانە بوون کە لەماوەی ئەو چەند ساڵەی دواییدا بەرەوڕووی هاووڵاتییانی یارسانی بوونەتەوە.

سیاوەش حەیاتی چالاکی یارسانی پێیوایە: \" هەر چەند لەنێو تورک، لوڕ و فارسەکانیشدا ئایینی یاری بوونی هەیە، بەڵام بنەڕەتی زمانی ئایینی یارسان کوردییە بۆیە ئەم دوو شوناسی کورد بوون و یارسانی بوونە گریدراوی یەکترن و بە دڵنیاییەوە ئەو هەڵاواردنەی کە هەیە پەیوەندی بە هەر دوو پرسی کورد بوون و یارسانی بوونەوە هەیە\".

هەروەها کەمپەکانی ئەلوەلید، شێرەوەن و کاوە لە وڵاتی ئێراق و هەرێمی کوردستان کە زۆربەی دانیشتوانەکای لە هاووڵاتییانی یاری پێکهاتوون، بە هۆی پرسی نەتەوەییەوە وڵاتی خۆیان بەجێ هێشتووە و لە چەند ساڵ پێش ئیستاوە لەو کەمپانە گیرساونەتەوە.

لە ماوەی چەند ساڵەی دواییدا کەمینە ئایینیەکانی ئێران لەلایەن میدیا حکوومەتییەکانەوە وەک \"تاقم\" ناودێر کراون.

لەمانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا هێزە ئەمنییەکان لە زیندانی هەمەدان سمێڵی هاووڵاتییەکی یارسانییان بەناوی \"کیوومەرس تەمەناک\" تاشی و دواتر ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی یارسانیی شارەکانی کرماشان، هەمەدان و تارانی لێکەوتەوە کە لە درێژەی ئەو نارەزایەتییەدا دوو هاووڵاتی بەناوەکانی \"حەسەن رەزەوی\" و \"نیکمەرد تاهیری\" لەبەر دەم فەرمانداری شاری هەمەدان و محەممەد قەنبەری لە بەر دەم مەجلیسی ئیسلامی ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا.

ناڕەزایەتیی هاوولاتییانی یارسانی نە تەنیا هیچ وەڵامێکیان پێ نەدرایەوە، بەڵکوو بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی چلەی ئەو هاووڵاتییانە بەرەو رووی ئاستەنگ بوونەوە و رێگرییان لێکرا. هەروەها بۆ بەڕێوە بردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرەوڕووی هەڕەشە بوونەوە کە دواتر نووشاد تاهیری، سەید مێهرداد موشەعشەعی، سیاوەش حەیاتی، سەید شوکروڵلا شا ئیبراهیمی و تەیب تاهری بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کران و لەمەڕ بەدواداچوونی پەروەندەی ئەو کەسانە بەرەوڕووی هەڕەشە بوونەوە.

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم مەجلیسی ئێران، دەستبەسەر کرانی ٨٠ هاووڵاتیی یارسانیی لێکەوتەوە.

رۆژنامەی جامی جەمی ئێران رێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ بە بڵاو کردنەوەی کاریکاتێرێک بە شێوەی سیستماتیک سووکایەتیی بە پەیڕەوانی ئایینی یاری کرد.

هەروەها رێکەوتی ١٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ، مامۆستای وانەی پەروەرشیی قوتابخانەی سەرەتایی \"رازی کرماشان\" لە کاتی وانە وتنەوەدا سووکایەتی بە پەیڕەوانی ئایینی یاری کرد و بە \"گڵاو\"ی لەقەڵەمی دان.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، پەیڕەوانی یایینی یاری لەسەر بنەمای ئاشتی و بەرابەری رێگەی ئاشتەواییان گرتووەتە بەر، بەڵام ئەو سووکایەتییەی کردنە بە پەیڕەوانی ئایینی یاری لەلایەن بەرپرسانی زیندان و فەرماندەرانی نیزامییەوە دەستی پێ کردەوە و سێ هاووڵاتیی یارسانی لە کاتی سەربازی کردندا بە زۆرەملی سمێڵیان تاشراوە.

\"16894.jpg\"


لەم هێڵکارییەدا حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی هاوولاتییانی یاری لەلایەن ناوەندە فەرمییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە خراوەتە روو.