راپۆرت / رۆژی جیهانیی کرێکار و خۆپیشاندانی چالاکانی کرێکاری + وێنـــە

14:33 - 12 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە لیباس شەخسی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران رێگرییان لە بەرێوەچوونی رێوڕەسمی رۆژی جیهانیی کرێکار لە شاری سنە کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی \" ١ی مەی\" دوابەدوای رێگری کردن لە بەڕیوەبردنی رۆژی جیهانیی کرێکار لە شەقامەکانی \"فێردەوسی، مەیدان غەفوور و ناسر خوسرەو\"ی شاری سنە، چالاکانی کرێکاری ئەو شارە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد، کەلە ئەنجامدا گرژی لە نێوان خۆپیشانداەران و هێزە نیزامییەکاندا هاتە ئاراوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرەڕای هەڕەشە و گوشاری هێزە ئەمنیەکان بۆسەر چالاکانی کرێکاریی شاری سەقز، کرێکاران و چالاکانی کرێکاریی ئەو شارە، رێوڕەسمی رۆژی جیهانیی کرێکاریان لە گوندی کانی جەژنی بە مەودای ٥ کیلۆمیر دوور لە شاری سەقز، بەڕێوە برد.

چالاکانی کرێکاریی شاری سەقز لە حاڵێکدا رێوڕەسمی رۆژی جیهانیی کرێکاریان بەڕێوە برد کە لە رۆژانی ٩ و ١٠ی بانەمەڕددا چەندین کە س لە چالاکانی کرێکاریی ئەو شارە وەک: \"محەممەد عەبدی پوور، جەمیل راست خەدیو، عومەر شاکری و ئیسماعیل نیازی\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تەلەفۆن هەڕەشەیان لێکرابوو کە خۆیان لە بەڕێوە بردنی ئەو رێوڕەسمە ببوێرن.

هەروەها پێشتریش لە رۆژی دووشەممەدا کرێکاران و چالاکانی کرێکاریی شاری نەغەدە رێوڕەسمێکیان سەبارەت بە رۆژی جیهانیی کرێکار بەڕێوە برد و تێیدا باسیان لە دۆخی هەنووکەیی کرێکاران لە ئێران و کار کردنی منداڵان لە کوورەخانەکان کرد.

هەر لەو پەیوەندییەدا رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١١ی بانەمەڕ ٥٠ کەس لە چالاکانی کرێکاری و کرێکارانی خانەنشین کراوی شاری تاران لە بەرامبەر مەجلیسی ئێراندا کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیان سەبارەت بە گرانی لەڕادەبەدەر، کەمیی مووچەی کرێکاران دەربڕ و خوازیاری پێراگەیشتن بە دۆخی ژین هەژێنی کرێکاراندا بوون.

دوایین جار ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی رۆژی جیهانیی کرێکار بە مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆو لە وڵاتی ئێران بەڕوەچوە.

رۆژی جیهانی کرێکار بیرهێنەرەوەی شۆڕشی کرێکارانی ئامریکا لە رۆژی ١ی مەی لە شاری شیکاگۆی ئەو وڵاتەیە کە تێدا کرێکاران خوازیاری دیاری کردنی ٨ کاتژمێر کار لە رۆژێکدا بوون کە ئەو خۆپیشاندانە بە دەستێوەردانی پۆلیس خەڵتانی خوێن کرا و ٤٢ کەس له‌ کرێکاران کوژراون ‌و بریندار بوون‌.

دواتر له ١١ی نۆڤامبری ١٨٨٧ی زایینیدا چوار کەس لە رێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری بە ناوەکانی \"ئه‌لبێرت پارسۆنس، ئه‌دۆلف فیشه‌ر، ئۆگۆست سپایس‌و جۆرج ئینجل\" بە تۆمەتی کوشتنی پۆلیس، ئیعدام کران.

\"12411.jpg\"

\"12412.jpg\"

\"12415.jpg\"

\"12420.jpg\"

\"12418.jpg\"

\"12422.jpg\"

\"12417.jpg\"

\"12419.jpg\"

\"12413.jpg\"

\"12414.jpg\"

\"12416.jpg\"