دەیان پاڵێوراوی کورد لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیس کشانەوە

14:46 - 2 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای پەسندکرانی بەربژێری نوێ لە لایەن شوورای نیگابانەوە، کشانەوەی پاڵێوراوان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان ڕووی لەزیاد بوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە دوا ئاماری بەربژێرە پەسندکراوەکان لە لایەن شوورای نیگابانەوە بڵاوکرایەوە، بەلانی کەمەوە ٤٥ پالێوراو لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، کشانەوی خۆیان لە کێبڕکێکان ڕاگەیاند.

لە پارێزگای کرماشان و ئیلام، ١٨ کەس لە کێبڕکێی ئەم خولەی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی دەیەم کشاونەتەوە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا، ٤ پاڵێوراوی کورد لە شارەکانی ورمێ، ماکۆ، مەهاباد و بۆکان، هەڵکەوتوو لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، پاشەکشەیان لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و بەربژێریی خۆیان کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە شاری ماکۆیش، یەکێک لە پاڵێوراوانی ئەو شارە کە بە ڕەگەز کوردە، پاش پشتڕاست کردنەوەی بەربژێرییەکەی لە لایەن شوورای نیگابانەوە، بە هۆکاری زەخت و گوشار بۆ هێنانی لە لایەن گرێدراوانی حکوومەتیی نزیک لە نەتەوەی تورک، خۆی لە بەربژێری کێشاوەتەوە.

هەواڵنێرانی کوردپا باس لەوە دەکەن کە زۆربەی ئەو کەسانەی پاشەکشەیان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە کەسانی نەناسراون.

لە پارێزگای کوردستان، کە ٦ کورسی بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنی مەجلێس هەیە، لانیکەم ٢٠ کەس لەدوای پەسند کرانی شیاوییان، پاشەکشەیان لە پڕۆسەکە کردووە.

کشانەوەی ئەو کەسانە پاش ئەوە دێ کە، هەر سێ لێژنەی بەڕێوەبەری، چاوەدێری و شوورای نیگابان، واژۆیان لەسەر شیاویی ئەوان داناوە، بەڵام دواتر بە زۆر هۆکار پاشەکشەیان لە ماف و هەڵوێستی خۆیان کردووە.

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە؛ سەرەڕای ڕەت کرانەوەی شیاویی زۆرێک لە خوازیارانی بەشداریی لە کێبڕکێکانی هەڵبژاردن‏دا، کشانەوەی پاڵێوراوان لەم خولەدا، بە بەراوردی نۆ خولی پێشوو بێ‏وێنە بووە.

لە کوردستانی ئێران، بە هۆکاری بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە لایەن حیزب و ڕێکخراوەکانەوە، فەزای هەڵبژاردنەکان ڕووی لە کزی ناوە، کە ئەوە کاریگەریی لەسەر ڕەوتی پاشەکشەی پاڵێوراوە پەسند کراوەکانیش هەبووە.

چوار پارێزگای کرماشان، کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ئیلام بە گشتیی ٢٩ کورسییان لە کۆی ٢٩٠ کورسیی مەجلیس‏دا، هەیە.