دەیان جووتیاری کورد بانگهێشتی دەزگای قەزایی قوڕوە کراون

16:09 - 29 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: جووتیارانی کوردی یەکێک لەشارەکانی کوردستان \"بە هۆی سەرپێچی لەبڕیار\" و دروست بوونی کێشەی ئاودێڕی لەلایەن دەزگای قەزاییەوە سزا دراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: لە ساڵی رابردوودا، بەشی پێوەندیدار بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوی شاری قوروە، ١٢٨ جوتیاریان بە هۆی سەرپێجی و بەکارهێنانی ئاوی زیادە بە دەزگای قەزایی ئەو شارە ناساندووە.

دەوترێت کە ٦٨ جوتیار لەلایەن دادگای گشتی شاری قوڕوەوە حوکمیان بۆ بڕاوەتەوە.

بە وتەی بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوی شاری قوڕوە، ناساندن و دەرکردنی ئەو حوکمە بەهۆی بەکار‌هێنانی ئاوی زیادە بووە.

عیباد بەشری لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیرانا، خۆی لەدانی زانیاری و وردەکارییەکانی سزای سەر جووتیاران بواردووە.

لەوەڕگە کشت و کاڵییەکانی قوڕوە و دێگوڵان کە ٣٣٠ هەزار هێکتارن بە یەکێک لەجەمسەرە کشت و کاڵییەکانی پارێزگای کوردستان دێتە ئەژمار.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو حوکمە لە حاڵێکدایە کە پێشتر بەرپرسی ئیدارەی جیهادی کشاوەرزی، شاری قوڕوەی بە باشترین شوێن لە ئێراندا لەبواری سیستمی ئاودێریدا لەقەڵەم دابوو.

هەر لەو بارەیەوە ماوەیەک لەمەوبەریش کارناسێکی بواری کشت‌وکاڵ لەوتارێکدا کە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتبوو، نووسیبووی: گەڵاڵەی لێدانی بیرە قووڵ(ئیرتەوازی) و نیوە قووڵەکان لە دەشتی لەیلاخ، نیشانەی کەمتەر خەمی و گوێ نەدانی ئەندازیاران و بڕیاردەرانی ئەو بوارەیە.

ئەندازیار ئەحمەد گرگەیی لەدرێژەی بابەتەکەیدا وێڕای بە\"خەیانەت\" وەسفکردنی کارکرد و کارە ناستانداردەکانی کارناسانی ئیدارەی ئاوی شاری قوڕوە، ١٤هۆکاری وەک دانی مۆڵەتی دەرهێنانی ئاوی لەرادەبەدەر، کەم بوونەوەی ئاوەکانی ژێر زەوی، وشک بوونی کانیاوەکان، دانەنانی کۆنتوری ئاو لەسەر بیرەکان و گۆڕانی پێکهاتە و دوورە دیمەنی داهاتووی گوندەکان بە هۆکارەکانی لە ناوچوون و کەم بوونەوەی ئاوی ژێر زەوییەکانی قوڕوە و دێگوڵان لەقەڵەم داوە.
قوڕوە لە ٩٠ کیلومیتری رۆژهەڵاتی سنە هەڵکەوتووە.