دەوڵەتی ئێران هەناردەی ٥٠ جۆر کاڵای بۆ دەرەوە قەدەغە کرد

14:49 - 9 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی ئێران بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی گەماروە نێودەوڵەتییەکان و کۆنترۆڵ کردنی نرخی دراوە بیانییەکان، هەناردەی ٥٠ جۆر کاڵا و شت و مەک بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغە راگەیاند.

نرخی دراوە بیانییەکان لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا هەڵکشانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و کارناسانی ئابووری ئەم کێشەیە بۆ چەند هۆکاری تایبەتی دەگێڕنەوە.

یەکێک لە بەرچاوترین هۆکاری هەڵکشانی نرخی دراوی بیانی، کاریگەریی گەماروە نێودەوڵەتییەکان بووە و بەرپرسانی حکوومەتی حاشا لە کاریگەر بوونی ئەو گەمارۆیانە دەکەن.

گرانیی نرخی دراو بۆتە هۆکاری گرانییەکی لەڕادەبەدەر و ئەمە لە خۆیدا راستەوخۆ چینی کەم داهاتی بەرەوڕووی گرفت کردۆتەوە.
\"9584.jpg\"
دەوڵەت بۆ کۆنترۆل کردنی نرخی دراوە بیانییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر گران بوونی نرخی شتومەکی پێویستی رۆژانەی خەڵک و مەوادی خاو، نرخی دراوی بیانی سێ نرخە کرد و دراوفرۆش و دانەوێڵە فرۆشەکانی سزا دا و لە ئاکامدا ئەو سیاسەتەش شکشتی هێنا.

\"سەید جەواد تەقەوی\" جێگری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و بەرپرسی رێکخراوی داکۆکی لە بەرهەمهێنەران، لە نامەیەکدا کە بۆ \"حەمید سافدڵ\" بەرپرسی رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێرانی ناردووە، قەدەغە کرانی هەناردەی ٥٠ جۆر کاڵا و شتومەکی بۆ دەرەوەی ئێرانی پێ راگەیاندوە.

گەنم، ئارد، شەکر، رۆنی نەباتی، چایی هاوردە کراو، کەلوپەلی ماشێنی هاوردە، هەموو جۆرەکانی کاغەز، هەموو جۆریکی دانەوێڵە و ... بەشێک لەو کاڵایانەن کە هەناردەیان بۆ دەرەوەی ئێران قەدەغە کراوە.