دەست‌درێژی بۆسەر کچێکی تەمەن ٩ساڵان لە لایەن مامۆستای قوتابخانەکەیەوە

16:02 - 14 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە گوندێکی سەر بە پارێزگای زەنجان، مامۆستایەکی قوتابخانە‌ دەست‌درێژی دەکاتە سەر کچێکی تەمەن ٩ساڵان.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، کچێکی تەمەن ٩ساڵان بە ناوی\"نێدا\" لە گوندی \"قەرە محەممەد\"ی سەر بە پارێزگای زەنجان، لە لایەن مامۆستای قوتابخانە‌کەیەوە دەست‌درێژی کراوەتە سەری .

سەرچاوەکانی هەواڵ لە زاری خاڵی نێداوە ڕایگەیاندووە کە؛ ئەم ئازارە جنسییە لە لایەن مامۆستای نێداوە لە قوتابخانەی\"٢٢ بەهمەن\"، بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بووە، تاکوو ڕۆژی ٨ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو نێدا لەتاو ئازاری ڕۆحی و جەستەیی خۆی، ئەم کارەساتە دڵتەزێنە بۆ بنەماڵەی دەدرکێنێ و بنەماڵەی ئەو کیژۆڵە قوربانییە، دەستبەجێ پۆلیسی ناوچەکە ئاگادار دەکەنەوە.

دوای لێکۆڵینەوەی پزیشکی یاسایی ناوچەکە، فەرمانی قۆڵبەست‌ کردنی مامۆستاکە کە ناوی تەواوی ئاشکرا نەکراوە دەدرێ. خاڵی نێدا ڕایگەیاندووە؛ مامۆستاکەی نێدا بە ناوی(ی.ن)، بە دانانی بارمتە ئازادکراوە و هیچ کەس وەڵامدەری ئەو زۆڵمەی کە لە نێدا و داهاتووی نێدا کراوە نیە. بەپێی هەواڵەکان، \"بەشی پاراستنی پەروەردەوە\"(حراست) ڕایگەیاندووە کە؛ (ی.ن) لە کارەکەی دەرکراوە و لە گرتووخانەدا بەسەردەبات، بەڵام خەڵکی گوندەکە ئەو وتەیە بەدرۆ دەخەنەوە و دەڵێن؛ تۆمەتبار لە نێو گۆندا بە ئازادی دەگەڕیت و هەڕەشە لە بنەماڵەی نێدا دەکات.