دەستبەسەرکرانی کۆمەڵێک لە ئەندامانی موجاهیدنی خەڵق لە ئێران

16:39 - 3 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: رۆژی رابردوو کۆمەڵێک لە ئەندامانی نهێنیی رێکخراوی موجاهیدنی خەڵقی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

لێپرسراوێکی ئەمنیەتیی بەبێ ئاماژە کردنی بە ناوی دەستبەسەر کراوەکان بە هەواڵدەریی \"فارس\"ی راگەیاندووە، لە تاران و چەندین شاری دیکەی ئێران ئەندامانی چالاکی چەند هەستەیەکی سەربە \"گرووپی مونافقین\" دەستبەسەر کراون.

لە ئاخاوتنی سیایسی و ئەمنیەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، رێکخراوی موجاهدینی ئێران بە \"گرووپی مونافقین\" ناو دەبرێت.

ئەو بەرپرسە ئەمنیەتییە، مەئموورییەتی ئەو کەسە دەستبەسەرکراوانە کە پێشینەی پەیوەندی، ئەندامەتی و هاوکارییان لەگەڵ رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێراندا بووە، \"پێکهێنانی ئاژاوە لە رەوتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژرادن\" راگەیاندووە.

پێشتریش وەزیری ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاندبوو، گەڵاڵەیەکی ئەمنیەتی لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکاندا جێبەجێ دەکرێت.

لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، کە ٢ کەس لەو دەستبەسەر کراوانە پاش هاتنە نێو خاکی ئێران خراونەتە ژێری چاوەدێریی و هاوئاهەنگییان لە نێوان ئەندامانی خۆیاندا پێکهێناوە و دواتر دەستبەسەر کراون.

ئەو بەرپرسە ئەمنیەتییە راشیگەیاندووە، چەندین کەس لە ئەندامانی نهێنی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران شناسایی و بانگهێشت کراون کە لە ماوەی چەند رۆژی دادهاتوودا پاش لێپرسینەوە، زانیاری زیاتر دەخرێتەڕوو.

لە یاساکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا ئەندامان و لایەنگرانی موجاهیدنی خەڵقی ئێران بە موحارب ناسێبندراون و لەلایەن دادگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەرەوڕووی حوکمی ئێعدام دەبنەوە.
رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران ساڵی ١٣٤٤ دامەزراوە و ساڵی ١٣٦٠دا بە شێوەی فەرمی بەدژی حکوومتی ئیسلامیی ئێران دەستیان داوەتە چەک و لە دەیەی ٨٠ی زایینییەوە لە کەمپی \"ئەشرەف\" لە ٥٧ کیلۆمیتریی باکووری رۆژهەڵاتی شاری بەغدا نیشتەجێ بوون.

هەروەها ٢ حەفتە پێش ئیستا یەکەم گروپی رێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێران بۆ وڵاتی ئاڵبانی راگوێزران.