دەستبەسەركردنی رۆژنامەنووسێكی كورد لەشاری مەهاباد

13:52 - 9 رەشەمه 2714
ئاژانسی كوردپا: چەند رۆژ لەمەوبەر رۆژنامەنووس و خوێندكارێكی كوردی خەڵكی شاری سەردەشت لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیەكانی شاری مەهابادەوە بانگهێشت و دەستبەسەر كراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كاوان محەمەدپوور تەمەن ٢٨ ساڵ و سەرنووسەری دووحەفتەنامەی \" جامعە كوردستان\" و خوێندكاریی رشتەی كۆمەڵناسی لە زانكۆی مەهاباد، سێ‌رۆژ لەمەوبەر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە بانگهێشت كراوە و هەر مەئموورانی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییەش دەستبەسەرییان كردووە و لەو كاتەوە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەچارەنووسی نیە.

بەوتەی كەسانی ئاگادار و چالاكانی مافی مرۆڤ پاش ئەوەی كاوان لەئیدارەی ئیتلاعاتدا راگیراوە، هێزە ئەمنییەكان چوونەتە ماڵی ئەو رۆژنامەنووسە كوردە و ژمارەیەك كەلوپەلی شەخسیی ناوبراوایان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

\"25001.jpg\"
كاوان محەمەدپوور تەمەن ٢٨ ساڵ و سەرنووسەری دووحەفتەنامەی \" جامعە كوردستان\" لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر کرا
كاوان محەمەدپوور خوێندكاری رشتەی كۆمەڵناسی، سەرنووسەری دوو حەفتەنامەی \"جامعە كوردستان\"، هاوكاری رۆژنامەی شەرق، نووسەری گۆڤاری ئەدەبیی حەوتی تیر بووە.

ئەو هاووڵاتییە كوردە هەتا ئێستا چەندین بابەت و توێژینەوەی زانستی لە بوارەكانی فەلسەفەی هونەر و ئەدەبیات لە گۆڤار و ماڵپەڕەكاندا بڵاو كردۆتەوە.

بەپێی ئاماری ناوەندەكانی داكۆكیی لە رۆژنامەنووسان لەحاڵی حازردا زیاتر لە ٥٠ رۆژنامەنووس لە زیندانەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دان كە نزیك بە ١٠ كەس لەو دەستبەسەركراوانە رۆژنامەنووسی كوردن.

لەمانگی رێبەندانی ئەمساڵدا هەواڵنێرانی بێسنوور لە راپۆرتێكدا( ئازادیی راگەیاندن) بڵاوی كردبوویەوە كە ئێران لە نێو ١٨٠ وڵاتی جیهاندا لە پلەی ١٧٣دا جێگەی گرتووە.

ئەمە لەكاتێكدایە كە حەسەن رۆحانی لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا باسی لەكرانەوەی ئازادیی رادەربڕین و راگەیاندن كردبوو و بەپێی راپۆرتی ساڵی ٢٠١٤ی هەواڵنێرانی بێ‌‌سنوور بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٥ هیچ گۆڕانێک لە بواری ئازادیی چاپەمەنی و راگەیاندندا بەدی نەكراوە.

حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەساڵی ٢٠١٤شدا لە نێو ١٨٠ وڵاتی جیهان، پلەی ١٧٣ی بۆ ئازادی راگەیاندن پێ‌درابوو.