دەستبەسەر کرانی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نووسەرانی ئێران لە مەهاباد

16:05 - 25 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: لە چارەنووسی چالاکێکی فەرهەنگیی خەڵکی مەهاباد و یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نووسەرانی ئێران کە لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەو شارە دەستبەسەر کراوە، هیچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەنوچێهر پوڕدڵ نووسەر و وەرگێڕی خەڵکی شاری مەهاباد، رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: کە هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی مەنووچێهر پووردڵ، هێزە ئیتلاعاتییەکان چوونەتە ماڵێ ناوبراو و ێڕای پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر کۆمپیوتێر و کۆمەڵیک لە کتێب و کەرەستە شەخسیەکانیشیدا گرتووە.

\"11548.jpg\"
مەنووچێهر پوڕدڵ

لەلایەکی دیکەوە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی \"مەنووچێهر پوڕدڵ\" لەمەڕ چارەنووسی رۆڵەکەیان هیچ هەواڵێکیان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەمەڕ شوێنی راگیران و هۆکاری دەستبەسەر کردنی ناوبراو پێ رانەگەیەندراوە.

\"کەماڵ حوسێنی\" رۆژنامەنووس و هاوکاری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بەئاژانسی کوردپای راگەیاند، کە \"مەنوچێر پوڕدڵ\" یەکێک لە چالاکترین ئەندامانی ئەنجومەنی نووسەرانی ئێران و چیرۆکنووسی بەشی منداڵان بووە و هەتا ئێستا چەندین بەرهەمی لە قاڵبی کتێبدا بڵاو کردوەتەوە.