دەستبەسەر کرانی زیاتر لە ٢٠ کەس لە دۆلار فرۆشانی تاران

14:01 - 19 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵیک لە دۆلار فرۆشان و بازاریانی تاران لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٨ی رێبەندان زیاتر لە ٢٠ کەس لە دۆلار فرۆشانی دەوروبەری شەقامی ئینقلاب و ٧ی تیری تاران بەهۆی ناڕەزایەتی دەربرین بە چوونەسەرێی نرخی دۆلار، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

شایەتحاڵێک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: دوابەدوای دەستبەسەر کردنی ئەو کەسانە، رێژەیەکی بەرچاو لە هێزە ئینتزامییەکان بە مەبەستی کونتڕۆڵ و چاوەدێری کردنی هاووڵاتییان لە شەقامەکانی ئینقلاب و ٧ی تیر جێگیر کران.

ئەو شایەتحاڵە ئاشکرای کرد کە هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ترسی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان، لەو شەقامانە ماونەتەوە و بەوردی هاتوچۆی هاووڵاتییان کونتڕۆل دەکەن.

لە ماوەی زیاتر لە ١ حەفتەی رابردوودا لە بازاڕەکانی تاران دۆلار بە زیاتر لە ٤ هەزار تمەن مامەڵەی پێکرابوو و بەو هۆیەوە زۆربەی کەلوپەل و مادە خۆراکییەکان روویان لە گرانی کردبوو.