دەست لە کار کێشانەوەی بەرپرسی پەروەردە لە شاری بەمپوور

15:02 - 24 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: چەند ڕۆژ پاش ئازار و ئەشکەنجەی قوتابییەک لە ناوچەی \"بەمپوور\" سەر بە پارێزگای \"سیستان و بەلووچێستان\" لە لایەن مامۆستاکەیەوە، بەرپرسی پەروەردەی ئەم ناوچەیە دەستی لە کار کێشایەوە و بەرپرسی قوتابخانەکەش هەڵپەساردرا.

بەپێی هەواڵەکان، بەرپرسیی پەروەردەی ناوچەی \"بەمپوور\" ڕایگەیاندووە کە \" لەبەر ڕێزلێنان لە بیروڕای گشتی لە بەرپرسایەتیی خۆم دەست هەڵدەگرم\".

\"فرەیدوون دامەنی\" لە نامەیەک بۆ بەرپرسی گشتیی پەروەردە لە پارێزگای سیستان بڵاوی کردووەتەوە کە \"بە سەرەنج‌دان بەم بابەتە کە ئازار و لێدانی جەستەیی ئەم قوتابیە لە بیاڤی بەرپرسایەتیی من‌دا نییە بەڵام، لەبەر ڕێزلێنان لەم قوتابییە کە بێریزی پێ کراوە و ڕێزدانان لە بیروڕای گشتی، لە بەرپرسایەتی خۆم لە ناوچەی \"بەمپوور\" دەست هەڵدەگرم\".

هەواڵدەرییەکانی ئێران هەروەها بڵاویان کردووەتەوە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەزبەر، \"قیسەر قادری\" قوتابیی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی لە گوندی \"خەیرئاباد\" لە لایەن مامۆستاکەیەوە کەوتووەتە بەر ئازار و ئەشکەنجە و لە گوندی \"موختار ئاباد\"ـی سەر بە شاری \"ڕودباری باشوور\" لە پارێزگای کرمان، هەندێ لە قوتابییەکانیی ئەم ناوچەیەش بە هۆی نەبوونی پارە و دەستکورتی و هەژاریی بنەماڵەکانییان بۆ ٣٠ هەزار تمەن پارە بە قوتابخانەکەیان کەوتوونەتە بەر لێدان و شەڵاقی بەرپرسان و مامۆستایانی قوتابخانەکەیان و لە قوتابخانە دەرکراوەن.

ئەم کردەوە دژە مرۆییەی بەرپرسانی قوتابخانەکان لە کاتێک دایە کە لە هەموو جیهاندا هەر تاکێک دەبێ مافی خوێندنی هەبێت، بەڵام لە وڵاتی ئێران و لەژێر دەسەڵاتداریی حکوومەتی ئێران کە ئیدعای ئیسلام و ئینسانییەت دەکات بەم شێوە لەگەڵ قوتابییان و منداڵان هەڵسوکەوت دەکرێت.