دەسبەسەریی عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی درێژەی هەیە
یەک حەوتوو لە دەسبەسەرکرانی عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی، دوو چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز تێپەڕیوە و سەرەڕای بەڕێکردنی دۆسیەی ناوبراوان بۆ دادگای ئینقلابی ئەو شارە، کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەیان هێشتا ڕوون نەبووەتەوە.
ناڕوونیی بارودۆخی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە لە حاڵێکدایە کە ناوبراوان نەخۆشیگەلێکی جۆراوجۆر و دژواریان هەیە.
دۆسیەی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە لە لقی ٣ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز، نێردراوەتە لقی دادگای ئینقلابی ئەو شارە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی، پاش دەسبەسەرکرانیان لەلایەن لقی ٣ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز و سەپاندنی بارمتە بۆ ئازادیی کاتییان، ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کران.
تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە "پڕۆپاگەندە دژی نیزام، بەڕێوەبردنی ڕۆژی جیهانیی کرێکار و بڵاوکردنەوەی وێنە و ویدیۆی پەیوەندیدار بە ئەو ڕۆژە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان"، ڕاگەیەندراوە.
لێپرسی دۆسیەی ناوبراوان، بۆ ئازادکرانی هەر کامەیان بارمتەی ٤٠ ملیۆن تمەنیی دیاری کردووە. ئەو دوو چالاکە کرێکارییە، بەنیسبەت ئەو بارمتەیە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە هیچ جۆرە بارمتەیەکیان قەبووڵ نییە.