دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە شاری شنۆ درێژی هەیە

11:56 - 26 سەرماوەز 2720

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد خالید حەمزەپوور" خەڵکی گوندی "خانلەر"ی شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی کوڕەکەیان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵەیە خۆیان دەبوێرن.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا، نییە.

 لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەز، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کەماڵ قۆیتاسی" خەڵکی گوندی "چەشمەگۆل" و "ڕەحمان یووسفی" خەڵکی گوندی "سەوجە"ی شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارە، دەسبەسەر کران.

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئومید مەعرووف" خەڵکی گوندی "ئاڵیاوێ" شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا  و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.