دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی لە شاری سونقوڕ و کولیایی

11:11 - 22 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، کاناڵە خۆجێییەکانی شاری سونقوڕ و کولیایی، بڵاویان کردووەتەوە سێ هاووڵاتی لەو شارە کە ئەندامی یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بوونە لەو شارە دەسبەسەر کراون.

ئەو کاناڵانە بڵاویان کردووەتەوە: "پاش بەدەستهێنانی زانیاریی ورد لە سەر جموجۆڵ و چالاکییەکانی ئەو سێ کەسە لە ئاستی شاری سونقوڕدا، ئەو سێ کەس لەلایەن ناوە ندە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر کراون".

‌هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەرکردنی ئەو سێ هاووڵاتییەیان بۆ پەیوەندیی لەگەڵ "منافقین" گەڕاندووەتەوە.

لە ئەدەبیاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، چەمکی "منافق" بۆ ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق، ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری حکوومەتی ئێران، بە کار دەبردرێت.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، شوناس، شوێنی ڕاگیران و ناوەندیی دەسبەسەرکردنی ئەو سێ هاووڵاتییە، ڕانەگەیەندراوە.