دەسبەسەرکرانی کورت ماوەی فەرید نەقشبەندی، ئەندامی مەکتەب قورئان و فەرمانبەری پەروەردە و بارهێنانی ناوچەی ١ی سنە

12:11 - 27 پووشپەڕ 2721

بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، فەرید نەقشبەندی، ئەندامی مەکتەب قورئان و فەرمانبەری پەروەردە و بارهێنانی ناوچەی ١ی سنە و هەروەها مامۆستای دواناوەندی بە ٣٣ ساڵ پیشینەی خزمەتگوزاری، لە کاتی چوونە سەر کارەکەی، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتایی لێپرسینەوە ئازاد کراوە.

هێزە لیباس شەخسییەکان کە سەرەتا خۆیان وەکوو پۆلیسی ئاگاهی و دواتریش وەکوو ئەمنییەتی ناساندبوو، بە نیشاندانی مۆڵەتی دەسبەسەرکران ئەو ئەندامەی مەکتەب قورئانیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

شۆرای مەکتەب قورئان ڕایگەیاندووە: "فەرید نەقشبەندی هەتا کاتژمێر ١٩ی هەمان ڕۆژ، لەبارەی چەندین تەوەری جۆراوجۆر کە زۆرتر سەبارەت بە مەکتەب قورئان بووە، لێکۆڵینەوە لە ناوبراو دەکەن؛ و پاشان ناوبراو بە چاوبەستراوەیی لە ئاستی شار بەجێدەهێڵن. جێگای باسە کە مۆبایلی فەرید نەقشبەندیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە".

ڕۆژی شەممە ٢٦ی پووشپەڕ، ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، سێ جار لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەو ئەندامەی مەکتەب قورئانی بانگهێشت کردووە و بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە کە لە درێژەی ڕەوتی هەمان دۆسیە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بکات، لەبەرانبەر ئەم داخوازییە، ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بەپێی پەسەندکراوەی شۆرای بەڕێوەبەری، ئامادەبوونی ئەندامانی مەکتەب قورئان بۆ لێپرسینەوە، دەبێ بە بانگهێشتنامەی فەرمیی دادگوستەری بەڕێوە بچێت.