دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد لە تاران هاوکات لەگەڵ ئازادکرانی هاووڵاتییەکی دیکە لە زیندانی مەریوان

11:02 - 21 رەشەمه 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەبدولڕەحمان عەبدی"، خەڵکی گوندی "سلێن" سەر بە شاری سەوڵاوا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە تاران دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی "عەبدولڕەحمان عەبدی"، زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.

هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "ئەکرەم ئەدوایی"، خەڵکی گوندی "سلێن" سەر بە سەوڵاوا، بە دانانی بارمتە لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانبار، هاوڕێ لەگەڵ هاووڵاتییەی دیکە بە ناوی "سیامەک ئەدوایی" بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەکرەم ئەدوایی، پاش دەسبەسەرکرانی، ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان کرابوو و هەتا ئێستا لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.

وێنە: ئەکرەم ئەدوایی و عەبدولڕەحمان عەبدی