دەسبەسەرداگرتنی شتومەکی کاسبکاران لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان لە شاری نەوسوود

12:02 - 7 جۆزەردان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٥ی جۆزەردان، هێزەکانی هەنگی سنووری لە شاری نەوسوود سەر بە پارێزگای کرماشان، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان و دەستیان بەسەر کەلەوپەلی کاسبکاراندا گرتووە.

لە گرتە فیدیۆیەکی یەک خولەکیدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، چەند کەس لە هەنگی سنووریی نەوسوود هێرشیان کردووتە سەر ماڵی هاووڵاتییان و سەرەڕای دەستگرتن بەسەر باری کاسبکاران، دەستیان بە بێڕێزی بە ژن و منداڵی ئەو هاووڵاتییانە کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری پاوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە: "ئەو ڕووداوە لە شەقامی مەولەویی شاری نەوسوود ڕووی داوە و هێزەکانی هەنگی سنووری، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بەبێ گوێدان بە ناڕەزایەتیی ژن  و منداڵ، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان".

ئەو سەرچاوەیە دەستبەسەرداگرتنی شتومەکی ئەو کاسبکارانەی بە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن تمەن مەزەندە کردووە کە لەلایەن ئەو هێزەکانەوە بردراون.