دەزگای قەزایی کوژرانی "یاسر مەنگووڕی" بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پشتڕاست کردەوە

10:28 - 24 خەرمانان 2721

پەیوەندییە گشتییەکانی دادگوستەریی پارێزگای ورمێ لەمەڕ کوژرانی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "یاسر مەنگووڕی" کوڕی مستەفا خەڵکی شاری پیرانشار،  لە زاری بەرپرسی گشتیی ئەو ناوەندە قەزاییە ڕایگەیاند: "یاسر مەنگووڕی لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا لە کاتی دەسبەسەری نەکوژراوە، بەڵکوو لە شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکداری کوژراوە".

بەرپرسی دادگوستەریی پارێزگای ورمێ کوژرانی "یاسر مەنگووڕی" بە یەکێک لە ئەندامانی گرووپە دژبەرەکانی شۆڕش ناو بردوە، کە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، لە شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکداری کوژراوە.

پاش نزیک بە دوو مانگ لە ناڕوونیی چارەنووسی "یاسر مەنگووڕی" ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە شێوەی فەرمی بە بنەماڵەی ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەتان کوژراوە.

لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا، سەڕەڕای سەردانی بەردەوامی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان لە شارەکانی پیرانشار و ورمێ، هێزە ئەمنییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووس و بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە، خۆیان بواردووە.

"ڕەحیم مەنگووڕی" مامی "یاسر مەنگووڕی"، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کوژرانی برازاکەی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەکان لە شاری پیرانشار، لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، دەڵێت: "ئەگەری زۆر هەیە یاسر هەمان شەو کە لە دەرەوەی ماڵەوەیان باس لە دەسبەسەرکرانی کرابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بە گوللـە کوژراوە".

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت: "لە تەواوی ئەو ماوەیەدا، ناوەندە ئەمنییەکان لە چارەنووسی برازاکەی بێ ئاگایی خۆیان دەربڕیووە و تەنانەت بنەماڵەکەشی کە سەردانی ئیدارەی تۆمارکردنی باری تاکەکەسیی شاری پیرانشاریان کردووه، ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە ئیدارەی ئیتلاعات بۆ یاسر مەنگووڕی گەواهی کۆچی دوایی دەرهێناوە".