دەرکردنی حوکمی زیندانی بۆ دوو برا لە مەهاباد

17:27 - 28 بەفرانبار 2720

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی " سالار و سامان غەزالی"، خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر "جەواد غوڵامی"، هەر کامەیان بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کران.

دادگا ئەو دوو هاووڵاتییە کە برای یەکترن، بە "هەوڵدان دژی تەناهیی میللی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و بانگەشە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە و ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانبار دەرچوونی ئەو حوکمە بە ناوبراوان ڕاگەیەندراوە.

کۆبوونەوەی دادگایی ئەو دوو برا، نێوەڕاستی مانگی بەفرانبار لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "هاوکاریی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کردبوو.

ئەو دوو برایە، پاش دەسبەسەری بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دواتر پاش ٧٥ ڕۆژ لێپرسینەوە ،ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کران.

"سالار و سامان غەزالی" لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان" بێبەری کراون.

"سامان غەزالی"، خوێندکاری تێرمی کۆتایی کارناسیی باڵای کۆمەڵناسیی زانکۆی برووجێردە و "سالار غەزالی" دەرچووی کارناسیی باڵای شیمیی زانکۆی ڕازیی کرماشانە.

وێنە: سالار و سامان غەزالی