دەرچوونی حوکمی سێ مانگ زیندان بۆ هاووڵاتییەکی کورد لە پیرانشار

11:35 - 3 رێبەندان 2720

ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی بەفرانبار، دادگای ئینقلابی پیرانشار، هاووڵاتییەکی کوردی بە ناوی "زاهیر پەس و پیش (جۆڵا)، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "چیانە"، بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی، مەحکووم کردووە.

دادگا، ئەو هاووڵاتییەی بە "تەبلیغ دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە و بە پشتبەستن بە مادەی ٥٠٠ی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ١٣٧٥ بەخشی تەعزیرات و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی تەبسەرەی مادەی ٢ی یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری پەسەندکراوی ١٣٩٩، بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە.

حوکمی دەرکراوە دژی ئەو هاووڵاتییە غیابی بووە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ پاش ڕاگەیاندنی ئەو حوکمە لە دادگای ئینقلابی پیرانشار جێگای پێداچوونەوەی هەیە ، هەروەها پاش مۆڵەتی ڕاگەیندراو، بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژی دیکە دیسانەوە لە دادگاکانی پێداچوونەوەی ورمێ، ئەو حوکمە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

شەوی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردبوو.