دەرهێنەرێکی سینەمای ئێران \"عەلی خامنەیی\" بە ڕووخێنەری وڵاتی ئێران دەزانێت

22:13 - 11 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: دەرهێنەرێکی سینەمای ئێران، \"محەممەد نووری‌زاد\" ، کە یەکێک لە دژبەرانی حکوومەتی ئێرانە لە نووسراوەیەک‌دا \"عەلی خامنەیی\" بە هۆکاری وێرانی و خاپوورکردنی وڵاتی ئێران دەزانێت.

بەپێی هەواڵە بڵاکراوەکان نوری‌زاد، زۆر جار بە هۆی هەڵوێستی بەرانبەر بە سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران، کەوتووەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە و سەبارەت بە پەیوەندی کوڕەکەی بە موجاهدینی خەلقەوە ڕایگەیاندووە کە \"کردەوەی کوڕەکەم بە خۆی و کردەوەی من بۆ خۆم هەڵدەگەرێتەوە، باوەڕم وایە کە نەسلی سووتاوی ئێران مافی ئەوەیان هەیە کە دەنگی ناڕزایەتی خۆیان دەربڕن.\"

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە\" کردەوەی کوڕەکەم بە
شەرمەزاری دەزانن، بەڵام دەبێ بزانن لە هەموو شوێنێکی ئەم وڵاتەدا نموونەی کوڕی وەک من زۆرن،لە دیوی وەزیری دادوەری ئێران، لە زیندانەکانی حکوومەتی ئێران، لە پەنای بەرماڵی ڕێبەری و ڕواڵەتی پڕ لە دەسەڵەتداریی خۆی کە لە بەرانبەر بە کوشتاری خەڵک بە دەستی هێناوە و...هتد هەموو هێمای شەرمەزاری لەم وڵاتەدان.\"

ناوبراو لە کۆتایی‌دا باسی لەوە دەکات کە\" شەرمەزاری لە فەرشی ژێر پێی سەردارانی بناسازیی سپا دایە کە شارەوانیی شاری تاران بۆی ڕادەخات و لە خەسارە ئابوورییەکان کە مەلا لێ‌نەزان و کەمتەرخەمەکانی حکوومەت لە خەڵکی دەدن و لە دم‌وچاوی بریندار و پڕ خەفەتی خەڵکی ئەسیر و بێ دەسەڵات دایە، لە ئابڕووی ڕژاوی حکوومەت و کاربەدەستانی حکوومەت دایە و هتد، بەڵێ من محەممەدی نووری‌زادم و هەموو کردەوەکانی خۆم بە ئەستۆ دەگرم و کوڕەکەشم هەموو کردەوەکانی خۆی بە ئەستۆ دەگڕێت.\"