دیوانی باڵای وڵات حوکمی قرتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی دوو برای پشتڕاست کردەوە

11:19 - 17 رەزبەر 2720

حوکمی قرتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی دوو برا بە ناوەکانی "مێهرداد و شەهاب تەیمووری" کوڕی "حوسێن" خەڵکی سەرپێڵ زەهاو و دانیشتووی مەلاردی کەرەج، بە تۆمەتی "دزیکردن" لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی ئەو حوکمە کە ڕێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن لقی ٢٤ی دیوانی باڵای وڵات بە سەرۆکایەتی دادوەر "محەممەد کەرەمی" و ڕاوێژکاریی "ئەحمەد سیاوەش‌پوور" دراوە و ڕاگەیەندراوە، ئەو دوو زیندانییە بە تۆمەتی "دزیکردنی حەددی" بە قرتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستیان هەتا کۆتایی کە بە شێوەیەک بێت کە قامکە گەورەکەی و بەری دەستی بمێنێتەوە، مەحکووم کراون.

ئەو دوو برا زیندانییە پێشتر لەگەڵ "ئیبراهیم خەتیبی" لەلایەن لقی ١ی دادگای کەیفەریی ١ی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵانی ورمێ، بە قرتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستیان و گەڕاندنەوەی ماڵە دزکراوەکە مەحکووم کراون کە "ئیبراهیم خەتیبی" لەلایەن لقی هاوتەریب بە ٢٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە.

ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ساڵی ٩٨، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو سێ زیندانییە لە لقی ١ی دادگای کەیفەریی ١ی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵانی ورمێ، بەڕێوە چوو و هەر سێ کەسیان بە تۆمەتی "دزیکردن" بە قرتاندنی قامکی دەستی ڕاستیان مەحکووم کرابوون. ئەو حوکمی بە ناڕەزایەتی دەربڕینی پارێزەرەکانیان، دۆسیەکەیان ڕەوانەی لقی ٢٤ی دیوانی باڵای وڵات کرابوو، مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ دیوانی باڵای وڵات لە دوابڕیاری خۆیدا، حوکمی "ئیبراهیم خەتیبیـ"ـی هەڵوەشاندەوە و حوکمی قرتاندنی دەستی "مێهرداد و شەهاب تەیمووریـ"ـی پشتڕاست کردەوە.

"مێهرداد و شەهاب تەیمووری" هەنووکە لە نووستنگەی ٢_١ی زیندانی ورمێ ڕاگیراون.

لەو پەیوەندییەدا، لقی دووی دادگای کەیفەریی ورمێ حوکمی قرتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی بەسەر زیندانییەک بە ناوی "ئارش عەلی ئەکبەری" کوڕی "ئیسلام" سەپاند.

ڕێکەوتی ١٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی دۆسیەی ئەو زیندانییە بەڕێوە چوو و دادگا ناوبراوی بە تۆمەتی "١٦ حاڵەتی دزیکردنی حەددی" بە قرتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی بە شێوەیەک کە پەنجە گەورەکەی و بەری دەستی بمێننەوە، مەحکووم کردووە.