دیواندەرە؛ هاووڵاتییەک پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کرا

11:11 - 20 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەحمەد سادقی"، خەڵکی گوندی "شاقەڵا" سەر بە دیواندەرە، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییەیان لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بانگهێشت کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "ئەحمەد سادقی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی"، بێبەری کراوە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەحمەد سادقی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە.