دیواندەرە؛ هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

12:05 - 4 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "دلێر شامحەممەدی"، خەڵکی دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنیکی نادیار راگویزراوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی چوونەتە شوێنی کاری ئەو هاووڵاتییە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.

پێشتر ئەو هاووڵاتییە، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی دلێر شامحەممەدی، زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.