دیمانەی تایبەتیی ئاژانسی کوردپا لەگەڵ مەحموود فەیزی، نووسەری کتێبی "پوچ شناسی"

18:39 - 14 بەفرانبار 2712
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبەستی گەیاندنی زانیاریی زیاتر لەمەڕ چاپی کتێبی ٢٠٠ لاپەڕەیی \"پوچ شناسی\" و ئامانج لە نووسینی ئەو کتێبە، دیمانەیەکی کورتی لەگەڵ مەحموود فەیزی نووسەری کتێبی \"پوچ شناسی\" دانیشتووی وڵاتی ئۆتریش پێک هێناوە.

ئەو کتێبە یەکەمین بەرهەمی نووسەری کورد \" مەحموود فەیزی\"یە کە بە هەژماری ٥٠٠ دانە و بە زمانی فارسی لە ٢٠٠ لاپەڕەدا لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی \" نەشری گەردوون\" لە وڵاتی ئاڵمان لە چاپ دراوە.

کوردپا: بیرۆکەی نووسینی ئەو کتێبە لەکەیەوە لای ئێوە درووست بووە؟
مەحموود فەیزی:
رێز و سڵاو بۆ ئێوە و سەرجەم بەردەنگانی بەڕێزتان لە سەرتاسەری جیهان. ئەگەر هەر کەس ئەو کتێبە بخوێنێتەوە لە رەوتی خوێندنەوەی ئەو کتێبەدا لە چۆنیەتیی پێکهاتنی بیرۆکە و هۆی نووسینی ئەو بیرۆکەیە یان ئەو کتێبە تێدەگات، بەڵام لێرەدا بۆ پێکهێنانی باکگراواوەندێکی فیکری بۆ خوێنەرانی ئازیز ئاماژەیەکی کورت بە ناوەرۆکی ئەو کتێبە دەکەم.

بیرۆکەی نووسینی ئەو کتێبە لە قۆناغی منداڵی و پێش چوونە قوتابخانە لای نووسەر دروست بوو، رۆژێک بەڕێکەوت و زۆر ئاسایی ئەندامانی بنەماڵەی خۆم باسیان لەسەر ژیان و واتاکانی ژیان دەکرد.\" ژیان چ واتایەکی هەیە؟\" ئەوە پرسیارێک بوو کە بە تێپەڕ بوونی کات بەڕواڵەت لەبیرم چۆوە، بەڵام دواتر روون بۆوە کە نەتەنیا لە بیرم نەچۆتەوە، بەڵکوو لە هزرمدا بە تەواوەتی گەشەی کردووە و ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا پاش خوێندنەوەی چەندین کتێب جیاواز و بنکۆڵ و گەڕانێکی زۆر گەیشتمە شێعر و کتێبەکانی خەیام، پاش ئەوەی ئەو کتێبانەم خوێندەوە وەرچەرخانێکی مەزن لە مندا پێکهات کە بەواتای بێ ناوەرۆک بوونی ژیان و جیهان بوو و من بەو شێوە بیر کردنەوە گەیشتم.، دواتر بۆ ماوەی ٣ ساڵ بە دوا سەرجەم پەرتۆک و نووسراوەکانی سادقی هیدایەت و هابیرەکانی وەک نیچە، کافکا، بۆکێت و کامۆدا گەرام و توانیم پاش ئەو ماوەیە کۆیان بکەمەوە و سەرجەمیانم خوێندەوە.

ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی کەوتمە بیری ئەوە کە ئەو شێوە جیهانبینییە لە چەند شوێنێکەوە کامڵ نییە و کەمیی هەیە و کاتێک هاوڕێ و نزیکانم دەیاپرسی \"بۆچی جیهان بێ واتا و بێ ناوەرۆکە؟\" ئەو کەمبوونە زیاتر لای من خۆی دەنواند و منی زیاتر بەرەو لای لێکۆڵێنەوە و بەدواداچوون هان دەدا. بۆیە کەوتمە بیری ئەوە کە ئەو بە شێوەی فۆرمولیزە کراو لە شێوەی زانستدا دەر بکەوێت و وەڵامدەری ویست خۆم و هاوولاتییان بێت.

\"10540.jpg\"
کوردپا: ناوەرۆکی یان کاکڵی ئەو کتێبە باس لە چی دەکات؟
مەحموود فەیزی:
لە راستیدا ئەو کتێبە بێ ناوەرۆک بوونی جیهانە کە پێشتر بە ناوی \"فەلسەفەی پوچی\"یەوە بیستبووم. لە پێشەکییەکەیدا بە وردی باس لە بیرۆکەی نووسین ئەو کتێبە و واتای فەلسەفە و ئامانجی فەلسەفە کراوە و پاشان باسم لە فەلسەفەی بێ ناوەرۆکی \"پوچی\" کردووە کە بە شێوەی فیزیکی و متافیزیکی پێشتر باسی لێکراوە.
لەبەشی متافیزیکیدا کتێبی \"جامعە\" کە یەکێک لە کتبە پیرۆزەکانە و باوترین و ناسیاوترین کتێب بۆ کەسانی باوەڕمەند بە متافیزیک و بێ ناوەرۆکییە، جیا لەو کتێبە حافزی شیرازی و مەولەوەی بە کورت ئاماژەیان پێکردووە و سەرەڕای ئەوە کە شیکردنەوەی پێویستیشیان داوە، بەلام وەک کەسانی باوەڕمەند بە پوچگەرایی ناویان لێ دەبردرێت.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کتێبەدا تیشک خراوەتە سە باوەڕمەندانی بە \"فیزیک\" کە لە ٢ بەشی جیادا باسی لیکراوە،
١- قۆناغێک لە مێژوو کە بوودا، ئێپیکوور و خەیام کەسانی باوەڕمەند بەم شێوە بیر کردنەوەن ٢- سەردەمی نوێ کە لەم سەردەمەدا دەتوانین کەسانێک وەک شوپێنهاوێر، نیچە، کافکا، کامۆ و سادقی هیدایەت ناو ببەین و بەرهەمەکانیان بە کورتی ئاوڕی لێ دراوەتەوە و وەک پووچناسانی فەلسەفی ناویان هاتووە و جیهانبینییەکەیان پوچناسی فەلسەفی لە قەڵەم دراوە.
بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی کتێبەکە کە \"پوچ زانستی\" یان \"زانستی پووچی\"یە و ناوی \"پووچ ناسی\"م بۆ دیاری کردووە و بەبەراورد کردنێک لەگەڵ زانستەکانی سەردەم کۆتایی پێ دێت.

کوردپا: بە چ هۆکارێک ئەو کتێبە لە دەرەوەی وڵات و چاپ و بڵاو کرایەوە؟

مەحموود فەیزی: من لە چەندین شوێن و لێدوانی دیکەدا رامگەیاندووە کە سەرجەم دەستنووسەکانم لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا و ئەگەریش بەو شێوەیە دەستی بەسەردا نەگیرابا شیاوی چاپ و بڵاوکردنەوە نەبوو، چونکە ٣ دینی باوەڕمەند بە متافیزیک \"یەهوودی، مەسیحی و ئیسلام لە رێزی جیهانبینی پوچ دان و باوەڕمەندان بە و ئایینانە بە کەسانی پووچگەرا دەناسرێن، کەوابوو ئەو حکوومەتە دەچێتە خانەی پووچگەراکان و باوەڕمەند بە پوچی و بێ ناوەرۆکی.

کوردپا: بە چ هۆکاریک بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو نەکرایەوە؟
مەحموود فەیزی: هەر کەسێک بۆ خۆی مامۆستایەکی هەیە کە دەیکاتە سەرمەشقی خۆی، ژیاننامەیان دەخوێنێتەوە و بەشێوەیەک خۆی لەگەڵیاندا بەراورد دەکات، منیش کە چاو لە دەوروبەری خۆم دەکەم ژیانی ئەو مامۆستایانە لەگەڵ ژیانی هەڵدەسەنگێنم و دەبینم ژیانی من زیاتر وێچووی ژیانی \"کافکا\"یە.
کافکا لەگەڵ ئەو کە بۆ خۆی خەڵکی \"چێک\" بوو و بەڵام سەرجەم نووسراوەکانی بە زمانی ئاڵمانین، ئەوە لە کاتێک دابوو قوتابخانەی چێکی لە لای ئەوان هەبوو، بەلام باوکی لە قوتابخانەی ئاڵمانییەکان نایە بەر خوێندن.

من بە پێچەوانەی ئەو لە شوێنێکدا گەورە بووم و ژیاوم نەتەنیا خوێندن بە زمانی زگماکی \"کوردی\" مومکین نەبوو بەڵکوو قەدەغەش بوو، بۆیە بە بێ ئەوەی کە خواستی خۆم بیت دەرفەتی خوێندن و فێر بوونی زمانی زگماکیم نەبوو، دەنا منیش وەک زۆر کەسی دیکە کە حەز و خولیایان ئەوەیە، بە زمانی دایکی خۆی بەرهەمەکانی بنووسێ ، منیش ئەو ئاواتەم هەبوو کە بتوانم بە زمانی کوردی شتەکانم بنووسم.

پاشان ئێمە دەبێ ئەوەمان لە بیر نەچێ کە رێژەی خوێنەرانمان بە چ زمانێک زۆرتر دەبێ خۆ ئەگەر بمتوانیبا بە زمانەکانی ئینگلیزی و تەنانەت ئاڵمانی بینووسمەوە یان بە ١٠ زمانی دیکە بنووسرابا بەدڵنیاییەوە کاردانەوەی و دەنگدانەوەی باشتری دەبوو، بەلام چونکە بە زمانی فارسی باشتر دەمتوانی ئامانجەکەم بپێکم بەو زمانە نووسیومەوە.

هەروەها ئەو بیرۆکەیە، بیرۆکەیەکی گشتگیر و جیهانییە و تەنیا گرێدراوی زمانێک نییە، دەکرێ لە داهاتووشدا بکرێتە زمانی کوردی و بڵاو بێتەوە.

مەحموود فەیزی لە گوندی \" سێڵاب\"ی سەربە شاری قوروە لە دایک بووە و قۆناغی ناوەندی و دوا ناوەندی لە شاری قوروە تەواو کردووە و هەنووکە ماوەی ٦ ساڵە لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێیە و سەرقاڵی خووێندن بە زمانی ئاڵمانییە.