دیسان بە تەقینەوەی مین هاووڵاتییەک بریندار بوو

15:34 - 16 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی مینێکی بە جێماو لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەردەشت بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوار شەممە ١٤ی پووشپەڕ، مینێکی بە جێماو لە شەڕی ئێران و عێراق بوو بە هۆی بریندار بوونی هاووڵاتییەکی مەدەنی کورد.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە \"مەناف سەنایی\" تەمەن ٣٧ ساڵ ڕاگەیاندووە.

ڕاپۆرتی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هۆی تەقینەوەی ئەو مینەوە لاقی بە سەختی بریندار بووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو ڕووداوە لە شوێنێک بە ناوی بازارچەی \"قاسمەڕەش\" سەر بە شاری سەردەشت ڕوویداوە.

مەناف سەنایی بە هۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کراوە.

بەپێی ئامار و داتا سەرەتاییەکان، کە لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی و پاش کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق بڵاو کرایەوە، ١١٠٠ کیلۆمێتر سنووری هاوبەش لە نێوان ئەم دوو وڵاتە ئالودە بە مینن.

کۆنوانسیونی قەدەغە کردنی مینەکانی دژی تاکەکەس لە ساڵی ١٩٩٧ دەستی بە کار کردووە، ئەو کۆنوانسیۆنە بە ناوەکانی کۆنوانسیۆنی ئۆتاوا یان پەیماننامەی قەدەغە کردنی مین دەناسرێ و لە مانگی مارسی ١٩٩٩ ئەو یاسایە نێونەتەوەیی کراوە.

ئێران هەتا ئێستا ئامادە نەبووە \"پەیمانی ئۆتاوا\" واژۆ بکات. پەیمانی ئۆتاوا دەوڵەتەکان ئەرکدار دەکات پاش تێپەڕینی ١٠ ساڵ لە شەڕ، زەوی و ناوچە شەڕلێدراوەکان لە مین و کەرەستە جەنگییەکان خاوێن بکەنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٨٥ی هەتاوی، ڕایگەیاند و دووپاتی کردەوە؛ \"سنوورەکانی ئێران بەرفراوانە و تێپەڕگەیەکە بۆ هاتوچۆی قاچاغچییەکان و تێرۆریستەکان، بەو پێیە ناوەندە بەرگریکارەکانی ئێران کەڵک وەرگرتن لە مینە چێندراوەکانیان وەکوو دەرئەنجامێکی پێشگیری لە قاچاخ قەبووڵ کردووە\".