دۆسیەی عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی ڕەوانەی لقی دادگای ئینقلابی سەقز کرا

12:39 - 30 بانەمەڕ 2721

دۆسیەی عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی، دوو چالاکی کرێکاری، لەلایەن لقی ٣ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز ڕەوانەی دادگای ئینقلابی ئەو شارە کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، ئەو دوو چالاکە کرێکارییە، پاش دەسبەسەرکرانیان لەلایەن لقی ٣ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز و سەپاندنی بارمتە بۆ ئازادیی کاتییان ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کران.

تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە "پڕۆپاگەندە دژی نیزام، بەڕێوەبردنی ڕۆژی جیهانیی کرێکار و بڵاوکردنەوەی وێنە و ویدیۆی پەیوەندیدار بە ئەو ڕۆژە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان"، ڕاگەیەندراوە.

لێپرسی دۆسیەی ناوبراوان، بۆ ئازادکرانی هەر کامەیان بارمتەی ٤٠ ملیۆن تمەنیی دیاری کردووە.

ئەو دوو چالاکە کرێکارییە، بەنیسبەت ئەو بارمتەیە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە هیچ جۆرە بارمتەیەکیان قەبووڵ نییە.