دۆسیەی برایانی کوردپوور لە لایەن نوێنەرانی مەجلیسەوە هاتە بەر باس

16:49 - 21 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران لە نامەیەکدا داوایان لە سەرکۆماری ئێران کردووە کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە برایانی کوردپوور دادگایی بکرێنەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"دادپەروەری سەبارەت بە پەروەندەی برایانی کوردپوور لە بەرچاو بگرێت\"، ناوەڕۆکی نامەیەکە کە شەش کەس لە نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی ئیسلامی ئێران بۆ حەسەن رۆحانیان ناردووە.

لەو نامەیەی نوێنەرانی کوردا، مەسعوود و خوسرەو کوردپوور وەکوو دوو رۆژنامە‌نووس و چالاکی مەدەنی ناسێنراون.

هەنووکە برایانی کوردپوور لە گرتووخانەی شارەکانی بوکان و مەهابادا راگیراون.

لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەیەدا وێرای ئاماژە بە \"بەرچاوتەنگی دەوڵەتی پێشوو\" هاتووە کە لێداوان و رەخنەکانی ئەو دوو چالاکە مەدەنییەی کوردستان وەکوو \"ملاک مجرمیت\" لەقەڵەم دراون.

نوێنەرانی شارەکانی سنە، کامیاران، دیواندەرە، ورمێ، سەوڵاوا، بۆکان، قوروە، دێگولان، نەغەدە و شنۆ داویان لە دەوڵەتی ئومید و تەدبیر کردووە کە داوا لە وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگا قەزاییەکان بکات کە پێداچوونەوە بە دۆسیەی برایانی کوردپووردا بکرێت.

مەسعود و خۆسرەو کوردپوور لە رەشەممەی١٣٩١ی هەتاوی دەستبەسەر و بۆ ماوەی نزیک بە ٤مانگ لە گرتووخانەی ناوەندی شاری ورمێ و لە ژووری تاکەکەسیەکاندا راگیرابوون.

لە یەکەم دادگایدا مەسعوود بە سێ ساڵ و خوسرەو بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری و دووساڵ دوورخرانەوە بۆ گرتووخانەی ناوەندی تەورێز حوکم دران.

پێشتریش ٦کەس لە نوێنەرانی کورد لە مەجلیس لەگەڵ ٣٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە نامەیەکدا داوایان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی دەزگای قەزایی کردبوو کە رەزامەندی لەسەر ئازادکردنی ئەو دوو رۆژنامەنووسە دەرببڕن.