دۆخی لاوێکی دەستبەسەر کراو لە ئیتلاعاتی ورمێ نالەبارە

15:22 - 12 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی گشتی ئیتلاعات لە شاری ورمێ لە وڵامدانەوە بۆ بەدواداچوونی بنەماڵەی لاوێکی خەڵکی شاری سەڵماس خۆیان دەبوێرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو تا ئێستا لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناوی \"خەلیل فەزڵی\" کوڕی هاشم لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی گشتی پارێزگای ورمێ ڕاگیراوە.

بنەماڵەی فەزڵی لانیکەم دوو جار بۆ ئاگادر بوون لە بارودۆخی کوڕەکەیان سەردانی ناوەندی ئیتلاعاتی حکوومەتیان کردووە بەڵام هەر جار و بەبێ وەرگرتنی هیچ زانیارییەکی روون، گەڕاونەتەوە.

سەرچاویەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: بەرپرسانی ئەمنیەتی لە شاری سەڵماس بە دایکی خەلیل فەزڵیان گوتووە کە کوڕەکەتان گوازراوتەوە بۆ ئیدارەی گشتی ئیتلاعات، بەڵام ستادی خەبەری لە شاری ورمێ وتوویانە ئاگاداری ئەو پرسە نین.

بنەماڵەی فەزڵی بە دانی\"بەرتیل بە هێندێک لە ناوەندەکان\" زانیاری وردیان دەست کەوتووە کە خەلیل لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لە بارودۆخێکی نالەبار و دژواردا دەژی.

ئەو سەرچاوەیە، ئازار و ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەیی خەلیل فەزڵی رەت نەکردەوە.

پێشتریش هەواڵنێری کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دەستبەسەر کردنی بێ بەڵگە و گواستنەوەی ئەو لاوە کوردەی بۆ شوێنێکی نادیار کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە لەبارەی هۆکاری گیرانی ناوبراو وتی: خەلیل بە منداڵی باوکی لەدەستداوە بۆیە کەوتووەتە کاروکاسبی و دابین کردنی بژێوی بنەماڵەکەی و بۆ ئەم مەبەستەش ڕووی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و شاری سلێمانی کردووە و چەند مانگێک وەک کرێکاری بینا ناتەواوەکان ماوەتەوە.