دۆخی تەندروستیی زیندانییەکی سیاسیی کورد ناجێگیرە

15:18 - 12 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: بارودۆخی تەندروستیی زیندانییەکی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام بە هۆی خوێنڕێژیی زۆرەوە ناجێگیرە.

عەلی ئەفشاری زیندانیی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئێعدام کە لە زیندانی ورمێ راگیراوە، بەهۆی بەرکەوتنی چەندین فیشەک لە کاتی دەستبەسەر کرانیدا ٣٠% ئەندامانی لەشی لە کار کەوتوون و تووشی چڵک و خوێنڕێژییەکی زۆر بووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش دەستبەسەر کران لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە، لە ئەنجامی لێدان و كوتانی لەكاتی لێپێچینەوەدا، بە چەندین جار تووشی خوینڕێژی و بێهۆشی هاتبوو.
\"10927.jpg\"
کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە ئەو زیندانییە رێکەوتی ٢١ی بانەمەڕی ساڵی رابردوو بە هۆی سەختی برینەکانییەوە رەوانە بێهداری کرابوو و پاش ١ رۆژ مانەوە لە بێهداری، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە رەوانەی ئیدارەی ئیتلاعات کرابوو.

هەروەها لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە، رێکەوتی ٢٢ خەزەڵوەری ئەمساڵیش بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ راگوێزرابوو کە دوای چارەسەرییەکی سەرەتایی بۆ نێو زیندان ئەو شارە گەڕێندرابوویەوە.

مانگی سەرماوەزی ١٣٨٩ی هەتاوی عەلی ئەفشاری هاوڕێ لەگەڵ ٣ برای دیکەی بەناوی حەبیب، جەعفەر وەلی ئەفشاری لەلایەن هێزە ئەومنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کران کە دواتر عەلی و حەبیب ئەفشاری لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە بە تۆمەتی \"شەڕ لەگەڵ خودا\" بە هۆی پڕوپاگەندە بۆ حیزبێکی کوردی ئوپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕایەوە و دواتر لقی ٣٣ی دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ ئەو حوکمەی پژڕاست کردەوە.

لەلایەکی دیکەوە ٢ ئەندامی ئەو بنەماڵەیە بە ناوەکانی \"جەعفەر و وەلی ئەفشاری\"ش هەر یەکە بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراون و هەنووکە لە زیندانی شاری ورمێ ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن.