دۆخی ئاوارتەی تاران ـ واشنگتن درێژ کرایەوە

14:14 - 14 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: سەرکۆماری ئامریکا دۆخی ئاوارتەی(اضطراری) نەتەوەیی لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بۆ ٢٣مین ساڵی خۆی درێژ کردەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، باراک ئۆباما لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرەی وڵاتەکەی باسی لە نەگەڕانەوەی دۆخی ئاسایی لە پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران کرد.

جێگیربوونی دۆخی ئاوارتە لە پێوەندیی نێوان ئامریکا و ئێران بۆ ٤ی نوامبری ١٩٧٩ دەگەڕێتەوە.

واژۆکردنی نامەی باراک ئۆباما لەسەر ئەو یاسایە بەمانایەیە کە ژێرخانی گەمارۆکان وەک بەرنامەی مووشەکی، سپیکردنەوەی پارە ، پاڵپشتی دەوڵەتی لە تێرۆریزم و پێشلکردنی مافی مرۆڤ بەردەوامییان دەبێت.

ئەو نامەیە ڕۆژی ڕابردوو(١٣ خەزەڵوەر) و لە ساڵوەگەڕی داگیرکردنی باڵۆێزخانەی ئامریکا واژۆ کرا.

پەسندی دووبارەی ئەم یاسایە نیشان دەدات کە لەڕۆانگەی ئامریکادا، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەروا مەترسییەکی گەورەیە و لەم بوارەدا جیاوازییەک لە پێش و پاشی بەرجام بەدی ناکرێت.

ئۆباما دەستوورێکی دیکەی هەیە کە لە کۆتاییەکانی زستانی هەموو ساڵێک دەیدا و پێوەندی بە گەمارۆی نوێ لەسەر ئێران لە ساڵی ١٩٩٥دا هەیە.