دڵۆپەی باران مەرەکەبی پێنووسی قوتابیانی لوڕستانە

14:02 - 8 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای ئەوەیکە لەمێژە پارێزگای لوڕستان بەرەوڕووی نەبوونی ئیمکاناتی پەروەردەیی و قوتابخانە بووەتەوە، لە وەرزی خوێندنی ئەمساڵیشدا قوتابیانی یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە بۆ خۆپاراستن لە بەفر و باران بە چەترەوە لە سەر پۆلەکانیان ئامادە دەبن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قوتابیانی قوتابخانەی\"موگۆیی\" شاری دۆڕوودی سەر بە پارێزگای لوڕستان بە هۆی کۆن بوونی بینای ئەو قوتابخانەیە و دڵۆپە کردنی باراناوی میچەکەی، لە کاتی دەوامی خوێندندا بە چەترەوە لە سەر پۆلەکانیان ئامادە دەبن.

ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری دۆڕوود ڕاگەیاندووەکە؛ نۆژەن کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە لە بەرنامەی کاردایە و هەوڵی ئەوە دەدەین کە لە ساڵی داهاتوودا ئەو قوتابخانەیە نوژەن بکەیەنەوە.

دیاریکردن و دابین کردنی کەلوپەلی ستانداردی پەروەردە بە مەبەستی داهێنان لە شێوازەکانی پەروەردەدا، بە یەکێک لە ئەرکەکانی ڕێکخراوی توێژینەوە و پلانڕێژیی پەروەردە دادەندرێت.

شاری دۆڕوود بە ١٦٢هەزار و ٨٠٠ کەس حەشیمەت و بە پانتایی ١٣٢٦ کیلۆمیتری چوار گوشە، لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای لوڕستان هەڵکەوتووە.