دژایەتی لەگەڵ ئازادیی مەرجداری ئاران تیباش، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ورمێ

11:03 - 23 خەزەڵوەر 2720

لقی ٩ی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی دادگای ئینقلابی ورمێ، لەگەڵ داواکاریی ئازادیی مەرجداری "ئاران (مەجید) تیباش"، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ لە زیندانی ورمێ، دژایەتی کرد.

ئەو زیندانییە سیاسییە ماوەیەک پێش داوای ئازادیی مەرجداری کردبوو و لە ماوەی زیندانییەکەیدا، لە مافی مەرەخەسی بێبەری کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، لە نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان نەشتەرگەری بۆ کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی پووشپەڕ ٩٨، ئەو هاووڵاتییە کوردە، لەلایەن مەئموورانی دەزگای قەزایی دەسبەسەر و دواتر بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لقی سێی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە سەرۆکایەتیی "نەجەفی" "مەجید تیباشـ"ـی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری، بە تۆمەتی "ئەندامبوون و چالاکیی تەبلیغی لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، مەحکووم کردبوو.

ناوبراو سەبارەت بەو حوکمە، ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو و ئەم حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٤ ساڵ کەم کرایەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ساڵی ٩٧، "مەجید تیباش" پاش تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکەی، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

لەو پەیوەندییەدا، ساڵی ٩١ی هەتاوی، ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەر بڕیاری حیراسەتی زانکۆی عیلمی_کاربوردیی شاری ورمێ بەهۆی ئەوەیکە لەسەر لەپ‌تابەکەی وێنەی ئاڵای کوردستانی دانابوو و هەروەها ئەو وێنەیە لە کۆنفڕانسێکی زانستیدا لە سەر پرۆژکتور پێشان د بوو، لە درێژەدان بە خوێندن بێبەری کرابوو.

هەروەها ساڵی ٩٢ی هەتاوی، ئەم هاووڵاتییە کوردە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ماوەیەک لە گرتنگە ئازاد کرابوو.