دویچە وێللەی فارسی لە ڕووماڵكردنی هەواڵێكی كوردستاندا ئەسڵی بێلایەنی پێشێل دەكات

16:04 - 2 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی كوردپا: بەشی فارسیی ماڵپەڕی دویچە وێللە لە ڕووماڵكردنی هەواڵی پێكدادانێكی چەكداری لە كوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، لە ئەدەبیاتی ئیدئۆلۆژیكی كۆماری ئیسلامی كەڵكی وەرگرت.

لە بەشی فارسیی ئەو ڕاگەیەنەدا باس لە پێكدادانی ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٩٥ لە نێوان هێزێكی چەكداری ئۆپۆزیسیۆنی كورد و هێزەكانی سپای پاسدارانی ئێران لە ناوچەی سەڵماس كراوە. لە سەردێڕی ئەو هەواڵەدا باس لە تێكهەڵچوونی نێوان سپای پاسداران و \"ئەشراری دژە شۆڕش\" كراوە.

بەكارهێنانی چەمكەكانی وەك \"ئەشرار\" و \"دژەشۆڕش\" بۆ هێزێكی كوردی، لە ڕاستیدا بەشێك لە سیاسەت و ئەدەبیاتی سیاسیی لەمێژینەی كۆماری ئیسلامی بۆ سووكایەتی بە دژبەڕانی حكوومەت و بەتایبەتی هێزە خەباتكارەكانی گەلانی ستەملێكراوی ئێران و چەواشەكردنی شوناس و ئامانج و داخوازییەكانیان لە بەردەم بیروڕای گشتیی نێوخۆ و دنیای دەرەوەیە.

ئەو جۆرە ڕووماڵكردنە و سانسۆر و چەواشەكردنی هەواڵەكانی پێوەندیدار بە كوردستان لە بەشی فارسیی ڕاگەیەنە جیهانییەكاندا بە قازانجی حكوومەتی ئێران كە پێشتریش چەند جارێك لە ڕاگەیەنەكانی دیكەدا ڕووی داوە، دەرخەری پابەندنەبوونی ئەو ڕاگەیاندنانە بە ئێتیك و پرەنسیپەكانی كاری ڕۆژنامەوانی و دیاردەیەكی جێی گومان و مەترسیدار بۆ ڕووماڵكردنی بێلایەنانەی هەواڵ و ئەخلاق و ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە و ئاژانسی كوردپا داوا لەو ڕاگەیاندنانە دەكات لە ڕووماڵكردنی هەواڵدا ئەسڵی بێلایەنی و ئەخلاقی ڕۆژنامەگەری بپارێزن و خۆ لە لایەنگری و چەواشەكردنی هەواَڵا بە قازانجی لایەنێك بە دوور بگرن.