‏دوکتور ناسر هیمەتی بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا

16:10 - 15 رەزبەر 2721

ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان، دوکتور "ناسر هیمەتی" دەروونناس، نووسەر و شاعیری خەڵکی شاری ئابدانانی ئیلام، بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا.

لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری ئیسفەهان، ئەو نووسەر و شاعیرە کوردەی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" دادگایی و بە ساڵێک زیندان مەحکووم کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای حوکمی دوو ساڵی زیندانی پێشووتر، ناوبراو بە ساڵێک زیندانیی دیکە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسفەهانەوە مەحکووم کراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، دادگای دوایی ئەو دەروونناس و نووسەرە کوردە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەر دەبێت.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژ، دوکتور ناسر هیمەتی پاش بانگهێشتکردنی بۆ لقی ١ی ئیجرای ئەحکامی دادگای ئینقلابی ئیسفەهان، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی دەستگرد کرا.

ناوبراو ١٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیسفەهان تۆمەتەکەی ڕوون کرایەوە و بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "بێڕێزی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران"، تۆمەتبار کرابوو.