دوورخرانەوەی زیندانییەکی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە، بۆ زیندانی تەورێز

13:50 - 16 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە زیندانیانی سیاسی کوردی مەحکووم بە سێدارە لە زیندانی ورمێ بە فشاری وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامی بۆ زیندانی ناوەندیی تەورێز دوور خرایەوەو ئەمەش نیگەرانییەکانی لەمەڕ بەرێوەبەردنی حوکمی سێدارەی ئەو چالاکە سیاسییە زیاتر کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەلی ئەحمەد سلێمان زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵكی شاری سلێمانی، کە لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی لەسێدارە درانی بۆ بڕاوەتەوە، سەرلەبەیانیی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٤ی رێبەندان لە زیندانی ورمێ‌وە بۆ زیندانی ناوەندیی تەورێز راگوێزرا.

دەگوترێ، عەلی ئەحمەد سلێمان بەهۆی بەشداری کردنی لە مانگرتنی ٣٤ رۆژەی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی نێو زیندانی ورمێ وە پێی راگەیەندرابوو، کە \"بەهۆی بەشداری کردنت لەو مانگرتنەدا پەشمیان دەبیتەوە\".

عەلی ئەحمەد سلێمان هەنووکە لە بەندی ٩ی زیندانی ناوەندیی تەورێز، کە تایبەت بە زیندانیانی مەحکووم کراو بە \"قصاص\"ـە، لە دەستبەسەریدایە.

بە گوتەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری دۆسیەی عەلی ئەحمەد سلێمان، ئەو زیندناییە کوردە بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و کوشتنی ئەندامێکی خۆجێی سوپای پاسداران، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و لەسێدارەدان مەحکووم کراوە.

\"24573.jpg\"
عەلی ئەحمەد سلێمان زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵكی شاری سلێمانی
نیکبەخت ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە ئەو زیندانییە سیاسییە زۆر لە مێژە ماوەی ٥ ساڵ زیندانییەکەی تەواو کردووە، بەڵام بنەماڵەی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران داوای لەسێدارەدانی عەلی ئەحمەد سلێمان دەکەن.

راگواستنی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بۆ بەندی زیندانیانی مەحکووم کراو بە \"قصاص\" لە زیندانی تەورێز، ئەگەری بەڕێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی بەهێز کردووە.

ماڵپەڕی \"نفس در قفس\" لەزاری زیندانیانی سیاسیی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێوە بڵاوی کردۆتەوە، کە بڕیارە هێزە ئیتلاعاتییەکان ١٠ کەس لە زیندانیانی سیاسیی بەندی ١٢ی ئەو زیندانە بۆ زیندانە دوورەکانی وڵاتی ئێران دوور بخەنەوە.

سەرچاوەکە نووسیویەتی: هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان کردووە، \"لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا،١٠٠ زیندانیی \"پیاو کوژ و مەترسیدار\" دێنینە نێو بەندەکەتانەوە\".

رێکەوتی ٢٩ مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ ٢٩ کەس لە زیندانیانی زیندانی ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری نێو زیندان و تێکەلکرانیان لەگەڵ زیندانیانی تۆمەتبار بە ماددە هۆشبەرەکان، مانگرتنیکی ٣٤ رۆژەیان بەڕێوەبرد، کە بە گوتەی چالاکانی سیاسیی هێزە ئیتلاعاتییەکان لە رێگەی راگواستن و هەڕەشەی لەسێدارەدان، لە هەوڵی تۆڵە کردنەوە لەو زیندانیانەدان.

ئارام. ح