دوو کۆڵبەری کورد لە نەخۆشخانەی شاری ورمێ توانای تێچووی پزیشکیان نیە

15:13 - 22 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە شاری سەردەشت برینی قورسیان هەڵگرتووە، هەنووکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ بۆ چارەسەری پزیشکی ماونەتەوە، بەڵام توانای دانی تێچووتی نەخۆشخانەیان نیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٥ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، دوو کۆڵبەری کورد کە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی \"خومینی\"ی شاری ورمێ کرابوون، توانای تێچووی دەوا و دەرمانی ئەو نەخۆشخانەیان نیە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردەی بە \"عۆسمان ئەحمەدی و بەهمەن تەوفیقی\" ڕاگەیاندووە.

\"\"
بەهمەن تەوفیقی
بەهمەن تەوفیقی بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان بە توندی بریندار بووە و بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ لە بەخشی پێڕاگەیشتنی تایبەتی نەخۆشخانە بووە.

هەروەها عۆسمان ئەحمەدی بە هۆی تەقەی هێزە ئینتزامییەکان لە ناوچەی ئالانی شاری سەردەشت لاقی بە توندی بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی هەژاری و دەسکورتی لە دانی تێچووی دەوا و دەرمانی خۆیان لە نەخۆشخانە دەستەوەستان ماونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسانی نەخۆشخانەی \"خومینی\"ی ئەو دوو کۆڵبەرەیان بە هۆی نەدانی بڕە تێچووی دیاریکراو، لە نەخۆشخانە ڕاگرتووە و ئیزنی چوونەدەرەوەیان پێ نادەن.

ڕەشەممە ساڵی ڕابردوو، ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە توندی بریندار و بۆ نەخۆشخانەی شاری ورمێ ڕاگوێزران.