دوو ژنە هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزران

12:14 - 27 جۆزەردان 2721

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو ژنە هاووڵاتی بە ناوەکانی "گوڵاڵە مورادی" و "سەفیە مامەش‌پوور"، خەڵکی پیرانشار پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کران.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوە، گوڵاڵە مورادی وێڕای دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی "مەتین بەزازی" و "تاهیر بەزازی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوون.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١ی بانەمەڕ، سەفیە مامەش‌پوور پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.

سەفیە مامەش‌پوور، خێزانی عوسمان حاجی حوسێنی، ئەندامی کوژراوی سپای پاسداران لە پیرانشارە.

ئەو دوو ژنە هاووڵاتییە، پاش کوژرانی عوسمان حاجی حوسێنی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.