دوو ڕووداوی هاتوچۆ لە کوردستان، ٢٤ قوربانیی لێکەوتەوە
ڕۆژی هەینی ١٠ی بەفرانبار، بەهۆی ڕوودانی دوو ڕووداوی هاتوچۆ لە جادەکانی تیکاب_تەختی سلێمان و جادە کرماشان _کامیاران، ٦ هاووڵاتیی گیانیان لەدەست دا و ١٨ی هاووڵاتیی دیکە، برینداربوون.
بەهۆی پێکدادانی دوو مینیبووس لە جادەی تیکاب_تەختی سلێمان، ١٧ کەس برینداربوون و کەسێکیش گیانی لەدەست دا.
پێکدادانی ئەو دوو مینیبووسە، سرویسی کرێکارانی کانگای زێڕی "ڕزەشۆران و ئاغدەڕ" بووە و لەو پەیوەندییەدا، کەسێک گیانی لەدەست داوە.
سەرچاوە خۆجێیەکان باسیان لەوە کردووە کە ٦ کەس لە بریندارەکانی ئەو ڕووداوە، بەهۆی قورسیی برینەکانیان و نالەباربوونی باری تەندروستییان، ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شارەکانی دەورووبەری تیکاب کراون.
لەلایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا، لە جادەی کرماشان_ کامیاران، بەهۆی پێکدادانی سێ ماشین لە جۆری سەمەند، دێنا و بارهەڵگرێک، ٥ کەس گیانیان لەدەست داوە و کەسێکیش بریندار بووه.
بەرپرسی پۆلیسی ڕێگای هاتوچۆی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە ئەو ڕووداوە بە شێوەی ڕوو بە ڕوو بووە و ٥ کەس لە موسافیرەکانی ئەو دوو ماشینە گیانیان لەدەست داوە و شۆفیری بارهەڵگرەکەش بریندار و ڕەوانەی ناوەندێکی دەرمانی کراوە.