دوو هاووڵاتیی کورد پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان ڕەوانەی زیندانی شنۆ کران

22:59 - 9 رەشەمه 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ۷ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کەماڵ قۆیتاسی"، خەڵکی گوندی "چەشمەگۆل" سەر بە شنۆ، پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرا.

هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "ڕەحمان یووسفی"، خەڵکی گوندی "سەوجە"، پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزراوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی دووشەممە ۲٤ی سەرماوەز، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوون.

هێزە ئەمنییەتییەکان، ئەو دوو هاووڵاتییەی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووه.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان" بێبەریی کرابوون.