دوو هاووڵاتیی کورد لە ئەنجامی تەقە و ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری سەردەشت کوژران
شەوی شەممە ٢ی ڕەشەمە، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەبووبەکر یاهوو"، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "گۆڕەشێر" سەر بە سەردەشت و "ئەسکەندەر محەممەد"، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی "پشدەر" سەر بە هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی تەقە و ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، گیانیان لەدەست داوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە، لە ئەنجامی تەقە و ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، کەوتوونەتە نێو ڕووباری "پشکاوە" و خنکاون.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە گومانی هەڵگرتنی شتوومەکی قاچاخ بە دوای ئەو دوو هاووڵاتییە کەوتوونە".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو: "تەرمی ناوبراوان لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە دۆزراونەتەوە".
ئەبووبەکر محەممەدی، خێزاندار و خاوەن منداڵێکە و هەروەها ئەسکەندەر محەممەد، خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە.