دوو هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی شنۆ ئازاد کران

09:59 - 11 رەشەمه 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەمە، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کەماڵ قۆیتاسی"، خەڵکی گوندی "چەشمەگۆل" و "ڕەحمان یووسفی"، خەڵکی گوندی "سەوجە"، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەیان لە زیندانی شنۆ ئازاد کراون.

کەماڵ قۆیتاسی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕەشەمە و ڕەحمان یووسفی سەرەتاکانی مانگی ڕەشەمە پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی دووشەممە ۲٤ی سەرماوەز، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوون.

هێزە ئەمنییەتییەکان، ئەو دوو هاووڵاتییەی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووه.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان" بێبەری کرابوون.