دوو هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە ئازاد کران

10:34 - 21 رەزبەر 2721

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "بێهروز عەزیزی"، تەمەن ٤٠ ساڵ، کوڕی محەممەدساڵح و خەڵکی گوندی "مێراو" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە" و "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر"، بێبەری کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەرمانان، لەگەڵ کەسێکی دیکە بە ناوی "ڕەسووڵ عەزیزییان"، تەمەن ٥٠ ساڵ و کوڕی محەممەد، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری سنە، کرابوو.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەتا ئێستا لە چارەنووسی ڕەسووڵ عەزیزییان، زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێ کەوتووەتەوە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی‌ وەپاڵدراوی دژی بێهروز عەزیزی، هیچ زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.

لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سامان محەممەدی" کوڕی غەفار، خەڵکی شاری کامیاران، بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری بانە، ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بانە دەسبەسەر کرابوو.