دوو هاووڵاتیی کورد بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزران

17:09 - 28 رەزبەر 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەر، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "بێهزاد تەلایی" تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئەنبێـ"ـی ناوچەی تەرگەوەڕ و دانیشتووی شاری ورمێ و "سیاوەش جەوان" تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی کوشتارگای ورمێ، پاش لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەر، ئەو دوو زیندانییە کوردە، لە بەندی ڕاوێژی زیندانی ورمێ، بۆ بەندی  زیندانییانی سیاسیی ئەو زیندانە ڕاگوێزراون.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئازادکردنی کاتیی ئەو دوو زیندانییە، داوای بارمتەی قورسیان لێکراوە.

بێهزاد تەلایی ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەزبەر و سیاوەش ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەزبەر، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە تۆمەتی‌ وەپاڵدراوی دژی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.