دوو هاووڵاتیی کورد بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزران

11:19 - 20 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سلێمان کەریم‌پوور" و "خالید محەممەدزادە ئەقدەم" خەڵکی گوندی "خوڕخوڕە"ی شاری مەهاباد، پاش ٦٥ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسداران، بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسداران لە شارەکانی مەهاباد و ورمێ، لە ژێر لێکۆڵینەوە بوونه.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەت ئێران" تاوانبار کردووه.

ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانان، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لەکاتێکدا لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی خۆیان خەریکی کاری کشتوکاڵ بوون، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرابوون.

وێنە: سلێمان کەریم‌پوور و خالید محەممەدزادە ئەقدەم