دوو هاووڵاتیی مەهابادی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران

11:24 - 15 سەرماوەز 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەز، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سلێمان کەریم‌پوور" و "خالید محەممەدزادە ئەقدەم" خەڵکی گوندی "خۆڕخۆڕە"ی شاری مەهاباد، هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تەمەنی، بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەر، پاش ٦٥ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسداران، بۆ زیندانی مەهاباد، ڕاگوێزرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسسبەسەرکرانیاندا، لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسداران، لە شارەکانی مەهاباد و ورمێ، لێکۆڵێنەوەیان لێکرابوو.

تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران" ڕاگەیەندرابوو.

ئەو دوو هاووڵاتییە مەهابادییە، لە ماوەی دەسبەسە کرانیاندا، "لە دەسپێڕاگەیشتن بە پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان" بێبەری کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لەکاتێکدا لە ناو مەزرا و موچەکەیان خەریکی  کاری کشتوکاڵی بوونه، لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرابوون.

وێنە: سلێمان کەریم‌پوور و خالید محەممەدزادە ئەقدەم