دوو هاووڵاتیی شنۆیی بە زیندان مەحکووم کران

10:19 - 14 خەزەڵوەر 2720

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەحیم ڕەفعەتی" کوڕی محەممەد و "ڕەحمان تابش" کوڕی موراد" خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەزایی" بە زیندان مەحکووم کران.

بەپێی ئەو بڕیارە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە هەر کامەیان بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و تەبانی دژی نیزام" بە سێ ساڵ و ٧ مانگ زیندان و بە تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ٨ مانگ زیندانی مەحکووم کراون.

حوکمی داسەپاو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بەو دوو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەپێی یاسای کۆکراوە، حوکمی ئەشەدی سزا بۆ ئەو دوو هاووڵاتییە دەبێت جێبەجێ بکرێت.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕ، بەبێ بەڵگەی یاسایی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوون.

مانگی ڕەزبەر، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوون.