دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن دادگای پێداچوونەوە حوکمی زیندانییان بەسەردا سەپا

10:54 - 23 رەشەمه 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیریی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "عومەر خاگزاد" و "عەباس سدیقی"، خەڵکی گوندی "شێلم جاڕان" سەر بە پیرانشار، لەلایەن دادگای پێداچوونەوە، بۆ هەرکامەیان بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری و ٤ ساڵ زیندانیی هەلپەسێردراو، گۆڕدرا.

ئەو دوو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشار، هەر کامەیان بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوون و ئەو حوکمە مانگی بەفرانباری ئەمساڵ به ناوبراوان ڕاگەیندرابوو.

ئەو دوو هاووڵاتییە، ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندان، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوون.

عومەر خاگزاد کوڕی حاسڵ، ڕۆژی یەکشەممە ۱۱ی جۆزەردانی ئەمساڵ، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە لێدان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە ۲۲ی پووشپەڕ، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو و سەرەتاکانی مانگی گەلاوێژ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هەروەها عەباس سدیقی، شەوی هەینی ۲٦ی بانەمەڕی ئەمساڵ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە سەرەتاکانی مانگی پووشپەڕ، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.