دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزران

17:36 - 30 رێبەندان 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئیمان عەبدی" و "ئەفشین مام‌ئەحمەدی"، خەڵکی شاری مەهاباد، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزران.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان کورد لە کوردستان دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێ کرابوون.

بڕیاری دەسبەسەرکردنی کاتیی ئەو دوو هاووڵاتییە لەلایەن لقی ٦ی لێپرسی دادگای ئینقلابی ورمێ دراوە و هەتا ئێستا لەگەڵ ئازادیی کاتیی ناوبراوان ڕەزایەتمەندی دەرنەبڕاوە.