دوو هاووڵاتیی بۆکانی ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کران

12:39 - 8 رێبەندان 2720

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "قادر ڕەسووڵپوور" و "محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور"، خەڵکی بۆکان پاش دەسبەسەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکانیان، ڕایانگەیاندووە کە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کراون.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندان، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووەوە سەر گوندی "ئاڵی‌کەند" سەر بە بۆکان و "قادر ڕەسووڵپوور"یان، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، زیندانیی سیاسیی ساڵەکانی ٦٠ی هەتاوییە و بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە زینداندا بووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەریی قادر ڕەسووڵپوور، شووشەی دەرکە و پەنجەرەی ماڵی ناوبراویان شکاندووە.

هەروەها شەوی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار، "محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور"، لە شوێنی کارەکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەریی ئەو هاووڵاتییە، هەندێک کەرەستەیی کەسیی ناوبراویان وەکوو کامپیوتێر، مۆبایل و هەروەها فیلمی کامێرای چاوەدێریی شوێنی کارەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەکی ورد بە دەست نەهاتووە.